ئه‌مین عه‌زیزی
ئاگر؛ به مانای گڕی گه‌وره، گڕی پیرۆز، سه‌رچاوه‌ی گه‌رمای سه‌رمابه‌زێن و رووناهی، چه‌مکی پیرۆزی کولتووری زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌کان، به تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی کورده. پێش دابه‌زینی ئایینی ئیسلام، ژیانی ئایینی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی باو و باپیرانی کوردان، به پێی ئایینی زه‌ڕتشت هه‌ڵ سووڕاوه و "ئاگر"، رێزی لێ گیراوه و به هه‌زاران ئاته‌شکه‌ده، زیاره‌تگا و ماوای یه‌زدان په‌ره‌سته‌کان بووه. ئیسته‌ش ئاگری نه‌ورۆز هه‌ر ئه‌و گرینگی و پیرۆزی خۆیه پاراستووه و هه‌موو ساڵێک له ناوچه کورد نشینه‌کان، وه‌ک هێمایه‌ک بۆ به‌زاندنی ئه‌هریمه‌ن و تاریکی هه‌ڵ ده‌کرێت. ئه‌و ئاگره ژیان به‌خشه، ده‌سته‌مۆ و خزمه‌تگوزاری مرۆڤ بووه و، به بیر و مێشکی هیچ ئه‌هریمه‌ن مروڤێکی پێش سه‌رده‌می ئێمه‌دا، نه‌هاتووه که به هۆی ئاگر و به ئه‌نقه‌ست، زیان به ژینگه و دارستان و زینده‌وه‌رانی نێو جه‌نگه‌ڵ بگه‌یه‌ندرێت. سه‌د مه‌خابن، ئه‌وه گشت ئاگادارن، ئه‌م هاوینه زۆرتر له ساڵانی پێشوو، دوژمنانی قین له دڵی ژیان و ژینگه‌ی ئه‌م ئاو و خاکه، هه‌موو رۆژێک، به بێ پشوو!! له چه‌ند شوێن قرچه له گیانی دارسان و زینه‌وه‌رانی به‌سته‌زمان هه‌ڵ ده‌ستێنن. ئاگره‌کانی ئه‌مساڵ تا ئیسته زۆرتر له 220 شوێنی گرتووه‌ته‌وه و هه‌زاران هیکتار له دارسانه‌کانی کردووه‌ته قه‌قنه‌س. ئه‌گه‌ر چی به‌رده‌وامی ئه‌م ره‌وته نگریسه، گه‌لێک ویژدانی خه‌وتووی به خه‌به‌ر هێناوه، به‌ڵام پرسیاره مێشک هه‌ژێنه‌کان، هه‌ر وا له جێی خۆیان بێ وڵام ماونه‌ته‌وه!. ئه‌و شێوه ئاگر که‌وتنه‌وه پڕ گومان و دڕدۆنگیه له چه‌مکی هه‌واڵ و رووداو و قه‌یرانیش تێپه‌ڕیوه و بووته کاره‌ساتێکی به ته‌واو مانا. ئه‌م هه‌موو ئاگر که‌وتنه‌وه بۆ!؟ کێ یا کامه لایه‌ن ده‌ستی له‌م جینایه‌ته ژینگه‌یه دایه؟ بۆ تا ئیسته هیچ به‌رپرسێکی کاربه‌ده‌ست یا دادوه‌ری، که‌مترین روونکردنه‌وه‌یه‌کی له‌م باره‌وه بڵاو نه‌کردووه‌ته‌وه؟ بۆ هیچ که‌سێ به‌و بۆنه‌وه ده‌ست به سه‌ر نه‌کراوه؟ بۆ ....؟ بۆ....؟ بۆ....؟. به خۆشیه‌وه له‌م دوایانه‌دا لایه‌نگه‌لێکی تازه وه‌ک نوێنه‌ری پێشووی مه‌جلیس، مامۆستایانی ئایینی و "جه‌ماوه‌ری بێ هه‌ڵوێست!" دژکرده‌وه‌یان نیشان داوه و ته‌نانه‌ت به‌ڕێز محه‌مه‌دی نوێنه‌ری مه‌ریوان و سه‌وڵاوا له مه‌جلیس، له چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا باسی ئه‌م ئاگر تێ به‌ردانه‌ی دارستانه‌کانی ناوچه‌ی کردووه. هه‌روه‌ها به سه‌رپه‌ره‌شتی فه‌رمانداریش، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ”ستاد حوادث غیر مترقبه“، به‌ستراوه. به‌ڵام روون کردنه‌وه‌ی له سه‌ر نه‌دراوه و ئاکامه‌که‌ی نادیاره! ته‌نانه‌ت ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا، که زۆرترین قورسایی کوژاندنه‌وه‌ی ئه‌م ئاگرانه‌ی له سه‌ر شانه، بۆ کۆبوونه‌وه‌که بانگ هێشت نه‌کراوه!. وه‌ک ئاماژه کرا هه‌ر چه‌ند به‌ڕێز ئێقباڵ محه‌مه‌دی، هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌م قڕ کردنه ده‌ر بڕیوه و بڕێک یارمه‌تی و هه‌وڵی بۆ کونترۆڵی ئاگره‌کان نواندووه، به‌ڵام به راستی له‌م کاته گرینگ و چاره‌نووس سازه‌دا، ژینگه‌ی ناوچه‌ی مه‌ریوان و سه‌وڵاوا چاوه‌ڕوانیی گه‌ڵێک زۆرتریان له‌و به‌ڕێزه هه‌یه. به‌ڕێز ئێقباڵ محه‌مه‌دی! ئێوه باش ئه‌زانن که ئه‌م ئاگرانه چ زیانێکی قه‌ره‌بوو نه‌کراو ده‌گه‌یه‌نێت. به‌راستی زۆر دره‌نگه!. تا ئیستا خه‌سارێکی یه‌کجار زۆر وه‌به‌ر ناوچه‌که که‌وتووه. به‌رپرسیاره‌تی ئێوه‌ی رێزدار، گه‌لێک له خه‌ڵکی سڤیل زۆرتره. ئێوه وه‌ک نوێنه‌ری دوو شار و سه‌دان گوند و ده‌یان هه‌زار که‌س، که خۆتان باش ده‌زانن هیچ مه‌ودای ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕینێکیان نییه؛ ئایا تا ئیستا سه‌باره‌ت به‌م کاره‌ساته سامناک و گوماناویه چ هه‌نگاوێکی یه‌کلا که‌ره‌وه‌تان هه‌ڵ گرتووه؟ هۆی راسته‌قینه‌ی ئه‌م قڕ کردن و سووتمانه بێ به‌زه‌یانه چییه؟ ئه‌م کاره‌ساته دڵته‌زێنه تا که‌ی درێژه‌ی ده‌بێت!؟ به‌ڕێز محه‌مه‌دی! به‌رپرسایه‌تی مێژوویی خۆتان له یاد نه‌چێت!
ئه‌وا دارستانه‌کانی مه‌ریوان و سه‌وڵاوا و هه‌ورامان، به فه‌رمی داوای ئاگربه‌س ده‌که‌ن! ئاگربه‌س! به‌ڵێ ئاگربه‌س. ئه‌مه هاوار و زریکه‌ی عه‌رش له‌رێنی یه‌ک به یه‌کی؛ گه‌ڵا و په‌ل و پۆ و لقه دار و، مه‌ل و موور و په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵی هه‌موو چیاکانی کوردستان، به تایبه‌ت مه‌ریوان و سه‌وڵاوا و هه‌ورامانه. که‌س هه‌یه بیبیسێت!؟ با به‌س بێت؛ شه‌ڕی نابه‌رانبه‌ری ئاگر و دارستان، شه‌ڕی ده‌ستی چه‌په‌ڵ و دوژمنکارانه، شه‌ڕی ئه‌وانه‌ی روویان ره‌شتر له خه‌ڵووزی دارستانه به قه‌قنه‌س بووه‌کانی ئه‌م نیشتمانه پیرۆزه‌یه و، چاویان به‌رایی بینینی سه‌وزی و رازاوه‌یی چیا سه‌ر که‌شه‌کانی کوردستان نادات. با ئه‌م شه‌ڕه کۆتایی پێ بێت و ئاگر به‌س و ئاشتی؛ ژیان و ژینگه بژیه‌نێته‌وه.
نه، بۆ ئاگرتێبه‌ردان و سووتانی دارستان؛ به‌ڵێ، بۆ ژیان و ژینگه‌ی سه‌وز! .
No comments:
Post a Comment