ئه‌مین عه‌زیزی
NGO یا ئه‌نجومه‌نه ناحوکمیه‌کان، به هیچ جۆرێک به‌شێک له ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات نین. به‌ڵام، ده‌وری زۆر گرینگ‌یان له سه‌ر پێوه‌ندی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات و هه‌ر وه‌ها، پێوه‌ندی تاک و کۆمه‌ڵ هه‌یه. یه‌که‌مین NGO، خاجی سووری جیهانییه، که له ساڵی1863ی زایینی، دامه‌زراوه. ئه‌مرۆ له هه‌موو وڵاتانی دنیا، ده‌یان هه‌زار له‌م ئه‌نجومه‌نه ناحوکمیانه، له بواره جۆراجۆره‌کاندا، خه‌ریکی تێکۆشانن. به تایبه‌ت ره‌وتی گولۆبالیسم(به جیهانی بوون)؛ بووه‌ته هۆی، گرینگی زۆرتری ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه. NGOکان، هه‌وڵ و به‌رخۆدانیان هه‌یه له بووارگه‌لی وه‌ک: یارمه‌تی مرۆڤی و ئاسووده‌یی، دابه‌شینی خوارده‌مه‌نی، دابیینی په‌ناگا، خزمه‌تگوزاری په‌روه‌رده و بارهێنان، بێداشتی و پزیشکی، ئامانجگه‌لی سیاسی، فه‌رهه‌نگی یا کۆمه‌ڵایه‌تی، پارێزگاری له مافی مرۆڤ، پاراستنی ژینگه و...... . ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نانه زۆرتر خۆبه‌خشن و ته‌نانه‌ت یارمه‌تی مادی ئه‌نجومه‌نه‌که‌یان ئه‌که‌ن و به ئورگانێکی سه‌ربه‌خۆی ئه‌زانن. هه‌ر وه‌ها که ئاماژه کرا، ئه‌کتیڤ کردنی هێڵی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و، له قاو دانی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کان، ئه‌رک و بزاڤێکی گه‌وره‌یه له سه‌ر شانی NGOکان. هه‌زاران گرفتی هه‌مه چه‌شنه، که به‌رده‌وام به‌رپرسان و کۆمه‌ڵگا، گوێی خۆیانی لێ که‌ڕ ده‌که‌ن، له وڵات و ناوچه و شار و گوندی ئێمه، بوونه‌ته نه‌خۆشینگه‌لێکی کوشه‌نده، که رۆژ به رۆژ و سات به سات، په‌ره ده‌ستێنن و، بوونه‌ته سۆنامیه‌کی وێرانکه‌ر. بۆ نموونه، مه‌ریوان شاره گوندێکی زۆر گه‌وره نییه، به‌ڵام به راستی ئه‌وه حاڵ نییه مه‌ریوانی تێدا ده‌ژی! باس له که‌م و کووڕی و ئاڵۆزی و قه‌یرانه‌کان زۆر کراوه، تا ئیسته‌ش، که‌س خۆی به به‌رپرسیاری ئه‌و نه‌هامه‌تی و دواکه‌وتویی شار و گوند و کۆمه‌ڵگا ناوزه‌د! نه‌کردووه. دیاره ئه‌مه زۆر ئاساییه!. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تاک، ویژدان و هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و شارۆمه‌ندی هه‌بێت، ئه‌وا کۆمه‌ڵگاش، له‌و هه‌ست و ویژدانه بێ به‌ش نابێت. گه‌رچی ویژدانی به‌خه‌به‌ر هاتووی تاکێک به ته‌نیا، ناتوانێت کارساز بێت، به‌ڵام مرۆڤه خۆبه‌خش و دلسۆزه‌کان پێكه‌وه، له ئه‌نجومه‌ن و NGOکاندا، به وشیاری و له‌خۆ بردوویی، هه‌ر چه‌ند نه‌توانن هه‌موو، لانی که‌م به‌شێک له کۆمه‌ڵ و ژینگه، له قه‌یران و زه‌لکاو رزگار ده‌که‌ن. به خۆشیه‌وه، ویژدانه وشیار و به خه‌به‌ره‌کان له مه‌ریوان، ده‌یان ساڵه، به‌رده‌وام له چوارچێوه‌ی کۆڕ و کۆمه‌ڵ و ئه‌نجومه‌ن و NGOکانی دیکه، بۆ هه‌موو چه‌شنه تێکۆشانێکی؛ فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری، کۆمه‌ڵایه‌تی، ژینگه‌پارێزی و.... ئه‌کتیڤ و ژیان به‌خش بوونه. ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی – ئه‌ده‌بی مه‌ریوان، ئه‌نجومه‌نی شانۆی باران، ئه‌نجومه‌نی موسیقا، ئه‌نجومه‌نی پێشگیری له ئیعتیاد، ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا و ....... ؛ ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ن که وه‌ک چاو و گوێ و دڵ و گیانی کۆمه‌ڵگای مه‌ریوان، ئه‌رکه پیرۆزه‌کانی خۆیان رائه‌په‌ڕێنن. یه‌ک له‌وانه، ئه‌ندامان و لاوه خۆبه‌خشه‌کانی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا، له دژوارترین دۆخ و کات و ساته‌کاندا، به‌و په‌ڕی له خۆبردوویی؛ بۆ کوژاندنه‌وه‌ی ئاگره ده‌ستکرد و سروشتیه‌کان، بۆ چاندنی نه‌مام، بۆ پاک و خاوێن کردنه‌وه‌ی گیانی سروشت له شار و دێ، بۆ پاراستنی په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵه کێویه‌کان له ده‌ست راوچیه دژ به سروشته‌کان، بۆ به هاناوه چوونی هاواره جه‌رگ بڕه‌کانی زرێبار، بۆ راگه‌یاندنی کێشه و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه و ئالۆزیه ژینگه‌یه‌کانی شار و گوند، بۆ ........ ؛ شه‌و و رۆژیان داوه‌ته ده‌م یه‌ک و ئه‌رکی مرۆڤی، ویژدانی و شارۆمه‌ندی خۆیان به جێ هێناوه. ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا، گیانێکی سه‌وز و زیندووه له له‌شی ناوچه‌یه‌کی نه‌خۆش و قه‌یراناویدا. ئه‌مڕۆ NGOی سه‌وزی چیا؛ له به‌رده‌م چوار وه‌رزی، سه‌وز و زه‌رد و گه‌رم و ساردی دیکه‌دا، به یارمه‌تی و پشت ئه‌ستووری شارۆمه‌نده به‌رپرس و به هه‌سته‌کان، بۆ سه‌وزتر کردنی ژیان و ژینگه، خۆبه‌خش و به‌رپرس تر له جاران، قۆڵی هیمه‌تی لێ هه‌ڵ ماڵیوه. جا له هه‌ر کوێ ئه‌رکێکی ژینگه‌یی و ژیانه‌وه هه‌بێت، ره‌شماڵی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا له‌وێ هه‌ڵ ئه‌درێت و هه‌وارگه‌ی هه‌موو خۆبه‌خشێکی، ژینگه پارێزه./
No comments:
Post a Comment