"عه‌دنان هونه‌روه‌ر"
له ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوو دا، سه‌ره‌ڕای رازاوه‌یی و مودڕن بوونی ژیان و پێشکه‌وتنی خه‌ڵکانی جیهان، به تایبه‌تی له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کانی رۆژئاوا دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌م ژیانه خۆشه، به‌ڵام هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا،120 میلیۆن دۆنم به بیابانه‌کانی جیهان زیادی کردوه. ئه‌م بڕه زه‌وینه له زه‌و‌یه‌کانی به که‌ڵکی چین و نیجریه، بۆ وه‌رزێری زیاتره. هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا وه‌رزێرانی جیهان زیاتر له 450 ملیون ته‌ن خاکیان له کیس داوه، یانێ ئه‌م بڕه خاکه به‌رابه‌ره له گه‌ل خاکی کێڵگه‌کانی هێندوستان و فرانسه دا.. له ماوه‌ی 25 ساڵی رابردوو دا، زیاتر له 2 میلیۆن کیلۆمتری چوارگۆشه له دارستانه‌کانی جیهان تووشی قه‌یرانی له ناو چوون بوونه‌ته‌وه، ئه‌م بڕه زه‌ویه، زیاتر له پانتایی وڵاتی ئێرانه.! گه‌رم بوونی له ڕاده به‌ده‌ری گۆی زه‌وی و زیاد بوونی له راده به‌ده‌ری جه‌ماوه‌ری گۆی زه‌وی، له ناوبردنی دارستانه‌کان، ئاستی ژیانی خه‌ڵکی خستوه‌ته مه‌ترسیه‌وه..
دارستانه‌کان ده‌وڵه‌مه‌ندترین ئیکۆسیستمی بایولوژی زه‌وین و رۆڵێکی تایبه‌ت له هه‌بوونی شێ و دابین کردنی ئاو ده‌گێڕن.. جیا له‌مانه‌ش دارستانه‌کان به‌رده‌وام جێگایه‌ک بوون بۆ راکێشانی توریست و گه‌ڕیده‌کان... له هه‌ر وڵاتێک و له هه‌ر جێگایه‌کی ئه‌م گۆی زه‌وینه، دارستانه‌کان سه‌رچاوکه‌یه‌ک بۆ دابین کردنی داهات و یارده‌ری ماڵی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ن. هه‌روه‌ها دارستانه‌کانی کوردستان رۆڵێکی تایبه‌ت ده‌گێڕن له بووژانه‌وه‌ی ژیانی ئاژه‌ڵان و مرۆڤانی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا، که زۆربه‌ی دارستانه‌کان تایبه‌تن به شاره‌کانی بانه و مه‌ریوان. له خۆی دا دابه‌ش ده‌بن به سێ به‌شی چیپڕ، نیوه چیپڕ، ته‌نک.. ئه‌م دارستانانه جیا له‌وه‌ی جوانی و دیمه‌نێکی سه‌رنج راکێشی له‌م ناوچه‌یه‌دا نه‌خشاندوه، سه‌رچاوکه‌یه‌کی گیایی، دا‌و ده‌رمانی، پیشه‌سازی و خۆراکین و سه‌رچاوه‌یه‌که بۆ دابین کردنی دار بۆ به‌رهه‌می دارتاشه‌کان، و هه‌روه‌ها سه‌رچاوگه‌ی دابین کردنی داهاتی بنه‌ماڵه‌کانه، له بنێشت کردن و گه‌زۆ کردن بگره تا باقی به‌رهه‌مه‌کانی دیکه.. جۆری زۆرتری دارستانه‌کانی کوردستان به‌ڕوه. هه‌روه‌ها جۆره‌کانی دیکه‌ی وه‌ک مازوو، گۆیژ، بڵاڵووک، بائام، هه‌رمێ کێویله، سماق، په‌ڵک و سنۆبه‌ری تێدا به دی ده‌کرێ..
چه‌ند ساڵێکه دارستانه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه، به تایبه‌تی دارستانه‌کانی ناوچه‌ی مه‌ریوان، که‌وتونه‌ته به‌ر شاڵاوی سووتاندن و له ناوچوون! هۆی سه‌ره‌کی له ناوچوونی دارستانه‌کان، ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤه‌کان به پله‌ی هه‌وه‌ڵ دێته ئه‌ژمار، له بڕین و سووتاندن و لێدانی رێگا و بان بگره تا ساز کردنی بنکه‌کانی نیزامی له سه‌ر کێوه‌کان و یا بووره ده‌رهێنان، یان په‌ره‌پێدانی پرۆژه‌کانی وه‌ک ته‌له‌فۆن، ئاو، به‌رق، گاز، و هه‌روه‌ها ده‌رهێنانی کان.. هه‌روه‌ها ده‌توانین ئاماژه بکه‌ین به ئاور که‌وتنه‌وه، لێدانی شه‌ڵته، وشکه‌ساڵی و له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا گه‌رم بوونی له راده‌به‌ده‌ری گۆی زه‌وی و کون بونی ئۆزۆن و به تێکڕایی له هۆ زه‌قه‌کانی له ناچونی دارستان و تێکچوونی ئۆکۆسیستم دێنه ئه‌ژمار.
له ناوچوونی ره‌قه‌ن و دارستانه‌کان ده‌رهێنانی بووره، کاره‌ساتێکه که له ئه‌ستۆی ژینگه قورسایی ده‌کات و به جۆرێک ژیانی ئاژه‌ڵانیش ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه و هه‌وای شاره‌کان و ناوچه‌کان پیس و پۆخڵ ده‌کات، جیا له‌مانه‌ش دیتنی دیمه‌نه ناشیرینه‌کانی سووتان و ئاگرکه‌وتنه و چه‌قه دووکه‌ڵ ناخی مرۆڤ تووشی ئاڵۆزی ده‌کات و هه‌روه‌ها به‌ره‌به‌ره زه‌وی تووشی که‌نجمه و قه‌یرانی خاک ده‌بێت.
ساڵانه ده‌یان کاره‌ساتی ئاگر که‌وتنه‌وه له دارستان و کێڵگه‌کانی سه‌رانسه‌ری جیهان به دی ده‌کرێ، که هه‌ر یه‌که‌یان به هۆکارێکی سروشتی وه‌ک هه‌وره بروسکه یان گه‌رم بوونی له راده به‌ده‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌یه. بۆ به‌رپه‌چ دانه‌وه‌ی ده‌س به جێ وڵاته‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن و خێرا له لایه‌ن بنکه‌کانی ئاگر کوژێنه‌وه له عه‌رز و له ئاسمانه‌وه، به هانای دارستانه‌کانه‌وه دێن و به‌ر به ته‌شه‌نه سه‌ندنی ئاگر ده‌گرن.
که‌چی له کوردستان، له‌م جۆره ئاگر که‌وتنه سروشتیانه هه‌ر زۆر زۆر که‌من به‌ڵام ساڵانه به هه‌زاران دۆنم زه‌وی و دارستان ده‌سوتێنرێن، که به شێوه‌ی ناراسته‌وخۆ رێگای وه‌ده‌ست هێنانی داهاتی خه‌ڵکی تووشی قه‌یران ده‌بێت.
پێک هێنانی هه‌ر جۆره گۆڕانێک به خۆمانه‌وه به‌ستراوه، له لایه‌ک خێرایی به جیهانی کردن و وه‌رزێڕی پێشکه‌وتوو، ده‌رهێنانی کان و بڕێنی داره‌کان و سووتاندن و له ئاکام دا له ناوچوونی مرۆڤایه‌تی پێوه دیاره، له لایه‌کی دیکه‌وه، به‌رز کردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری و هه‌ستیاری و به‌رپرسیاره‌تی له پێناو ژینگه دا، پێویستی به سه‌رفی بوودجه‌ی تایبه‌ت و هه‌ره‌وه‌زی خه‌ڵک هه‌یه بۆ له ناو نه‌چوونی دارستان و ژینگه. ژینگه هی هه‌مووانه و هه‌ر که‌س له ئاستی خۆیه‌وه به‌رپرسیاره.
No comments:
Post a Comment