خه‌لیل خاوهریان
که‌سایه‌تی باش و لێهاتوو، له نێو کۆمه‌ڵگای درووست و گەشەسنراو پێک دێت. به‌ڵام کۆمه‌ڵگایه‌ک که به‌ده‌ردی گرفتهکانییەوە بناڵێنیت ناتوانێت که‌سایه‌تیی باش بخوڵقێنێت.
جووجه سازی یان هیجره‌ت بۆ یه‌که‌م جار له ساڵی "1365"ی هه‌تاوی له لایه‌ن ئەو خەڵکانەی که له ترس بۆمب ڕێژ کردنی شار له‌شه‌ڕی ئێراق وئێراندا ئاواره بوو بوون، دامەزرا. له ماوه‌ی چه‌ند ساڵدا له هه‌موو ده‌ڤه‌رکانی مه‌ریوان و هه‌ورامان روو له جووجه‌سازی و کانی دینار دەکەن و ئاوه‌دان دەبێتەوە و ئێستا هه‌ر جووسازی حه‌شیمه‌تی زیاتر له 8 هه‌زار نه‌فره یان باشتره بڵێین زیاتر له 1800 بنه‌ماڵه‌یه،به‌ڵام به‌داخه‌وه به قەد دێهاتێکی500 که‌سی ئیمکاناتی بۆ دابین نه‌کراوه. زۆربه‌ی دانیشتووانی جووجه‌سازی له بنه‌ماڵه‌ی هه‌ژار و ده‌ست کورت، پێک هاتوون و خه‌ریکی ئیشی کرێکاری و کاری ده‌ستی وه‌ک كڵاش چنینن.
له کوێوه ده‌ست پێ بکه‌ین کام گرفتی خۆمانتان بۆ باس بکه‌ین؟ کێ هه‌یه که له شوێنی ژیانی ئێمه تێپه‌ڕیبێ و بۆگه‌نی فازڵاوی مه‌ریوان و کوشتارگای "زرێبار" بێزاری نه‌کردبێ؟ ده‌ڵێن ئێوه بوون به شاری ئیتر هه‌موو گرفته‌کانتان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌که‌ین، به‌ڵام هێشتا به قه‌د دێهاتێکی بچووک ئاوڕیان لێمان نه‌داوه‌ته‌وه.
له وه‌رزی بههاروه تاکاتی به‌فر بارین ناوێرین له ماڵ بێنه ده‌روه له تاو بۆگه‌نی فازڵاو وبۆگه‌نی کوشتارگای زرێبار وتا ئێستاهیچ کاریک بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته گه‌وره‌یه‌ی ئێمه نه‌کراوه و ته‌واو له ژیانی خۆمان بێزار بووین. نازانین مه‌رکه‌ز بێداشتی مه‌ریوان چۆن مجه‌وزی درووست کردنی کوشتارگای له 600متری شوێنێک که حه‌ساب شاری بۆ ده‌کرێ داوه که‌ژیانی زیاتر له 10هه‌زارکه‌س به هۆی بۆگه‌نه‌وه که‌وتووه‌ته مه‌ترسیه‌وه.
جیا لە فازڵاو و کوشتارگە زۆر کێشەی تریشمان هەیە، ئەمانەی خوارەوە تەنها هەندێک لە گرفتەکانی شاری جووجەسازییە؛
- نه‌بوونی ئیسفاڵتی خیابان و کۆڵانه‌کان، له وه‌رزی ته‌ڕ وتووشیدا که‌س ناتوانێ هاتوو و چوو بکات، ئه‌وه‌نده قوڕ وچڵپاوی زۆره و تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێک بۆ چاره‌سه‌ری نه‌نراوه.
- نه‌بوونی ده‌بیرستان که قووتابیانمان بۆ خوێندنی ده‌وره‌ی ده‌بیرستان ده‌بێ روو بکه‌نه خوێندنگاکانی مه‌ریوان و کانی دینار.
- نەبوونی کتێبخانه و شوێنی فه‌رهه‌نگی و وه‌رزشی، گه‌نجان و منداڵانمان له هه‌موو وئیمکانتێکی له‌و چه‌شنه بێ به‌شن.
- نه‌بوونی پارک و شوێنی حه‌وانه‌وه و شاری یاری بۆ مندڵان.
- نه‌بوونی ده‌رمانگا. ئێمه ته‌نیا له گه‌ڵ کانی دینار دا دهرمانگایهکمان هه‌یه که ئیمکاناتی خزمه‌ت گوزاری زۆرکه‌می هه‌یه.
- نەبوونی سەعاتی کاری دیاری کراوی تاکسی و مینی بووسه‌کان. لە ڕاستیدا هه‌ر هه‌وا تاریکی کرد ده‌بێ شارۆمەندانی کانی دینار و جووجەسازی ماشێنی ده‌ر به‌سی بگرن. تا ئێستاش شاره‌داری کانی دینار له هیچ کوێکدا وێستگه‌ی بو وه‌ستاندنی تاکسیەکان دانەناوه و موسافرینیش ده‌بێ تا کاتێ ماشین سواریان ده‌کات هه‌ر له‌سه‌ر پێ ڕاوه‌ستن.
کێشه‌یه‌کی تری ئێمه ئه‌وه‌یه که جاده‌ی قه‌برستانی جووجه‌سازی تا ئێستا هیچ کارێک بۆ چاک کردنی نه‌کراوه، هیوادارین شاره‌داری کانی دینار زوو ئه‌و جادهیهمان بۆ چاک بکات وابزانم خۆیان بڕیاریان دابوو چاکی بکه‌ن.
له‌کۆتاییدا له هه‌موو کاربه‌ده‌ستان داواکارین که ئاورمان لێ بده‌نه‌وه و به‌ده‌م چاره‌سه‌ری كێشهکانمانهوه بێن.