فاروق سه‌عید زاده
خۆشه‌ويستان ده‌مه‌وێ به‌رله‌وه‌ى ڕوو بكه‌مه ئێوه هه‌ندێ له گه‌ڵ جه‌رگه سووتاوه‌كه‌ى خۆمدا سه‌باره‌ت به شاهۆى له مێژينه نه‌به‌زيو بدوێم.
پاش نزيكه‌ى 3 مانگ ئاگرتێبه‌ردانى ژينگه ڕازاوه‌كه‌ى ناوچه‌ى مه‌ريوان و سه‌وڵاوا له لايه‌ن ناحه‌زان و چاوكوێرانى ژينگه‌و هه‌ر وه‌ها كوژاندنه‌وه‌ى ئاگره‌كان له لايه‌ن كوڕه‌كانى ئه‌نجومه‌نى سه‌وزى چيا يان هه‌روه‌ك خۆيان ده‌ڵێن: "هه‌ڵۆكانى چيا " ئه‌م ڕه‌وته هه‌روا وه‌ك ئه‌فسانه‌ى سيزيئێفى يۆنانى به‌رده‌وام بوو، ئه‌وان ئاگريان له ژينگه تێبه‌رده‌دا و ئێمه‌يش ده‌مانكوژانده‌وه، ته‌نيا جياوازى سيزيئێف و ئێمه له‌وه‌دا بوو كه سيزيێف له گه‌ڵ سرووشتدا(چاره‌نووس) شه‌ڕى ده‌كردو، ئێمه‌يش له گه‌ڵ ناحه‌زانى سرووشت. ئه‌مجاره دواى 277 ئاگادارى بۆ حاڵه‌تى ئاگرتێبه‌ردان نۆبه‌ت گه‌يشته زنجيره چياى شاهۆى ملبه‌رزو ملهوڕ، ئه‌و شاهۆيه كه به هه‌زاران ساڵه مرۆڤى له داوێن خۆي‌دا په‌روه‌رده كردووه له باش و خراپ، له شه‌ڕكه‌ر و ئاشتيخواز، له خولقێنه‌رى حه‌ماسه‌و تراژيديا. ئه‌و شاهۆيه‌ى كه هێشتا جێگه پێى جه‌وله‌ى *شۆڕه‌سوارانى دژ به خوێنمژان و دڕنده‌كانى وه‌ك ئاژيده‌هاك و داگيركه‌رانى وه‌ك ئه‌سكه‌نده‌رى پێوه دياره (12 سواره‌ى مه‌ريوان هێمایه‌که بۆ ئه‌و گورووپانه). ئه‌و شاهۆيه‌ى كه له ده‌ورانى مێژووى كورده‌واريدا هێشتا ملى بۆهيچ كه‌سێك شۆڕ نه‌كردووه‌و نايشيكات.
به‌ڵێ، سه‌رتان ناهێنمه ئێش پاش گه‌يشتنى ئاگادارييه‌كه، نزيكه‌ى 30 كه‌س به زووترين كات له شوێنى هه‌ميشه دياريكراو واته "مه‌يدانى باوه‌ڕه‌شى" كۆ بووينه‌وه، پاش گرموو قاڵێكى درێژخايه‌ن له به‌ر بێ ده‌سه‌ڵاتى و نه‌بوونى ماشين به هه‌ر جۆرێك بوو كه‌وتينه ڕێ.
هه‌ر له‌و كاته‌دا بووين به دوو به‌شى جياواز، گورووپى يه‌كه‌م وتيان له هه‌ورامان ته‌خته‌وه ده‌ڕۆين، گورووپى دووهه‌م له ده‌گاگاو ژرێژه‌وه.
ڕێكه‌وت وه‌هابوو من كه‌وتمه ناو گورووپى دووهه‌م، كاتژمێر8ى ئێواره گه‌يشتينه گوندى ده‌گاگا له بنارى كۆساڵان پاشان ڕێكه‌وتين تا گه‌يشتينه گوندى ده‌ل، هه‌رله‌و گونده‌وه ئاگره‌كه به‌دي ده‌كراو بڵێسه‌ى ئاگره‌كه هه‌ستى پێ ده‌كرا كاتێ سه‌يرى شاهۆمان كرد به ڕاستى ده‌ڵێم كه تراژيديايه‌ك ڕوويدابوو، هه‌موو به ديتنى ئاگره‌كه سه‌رمان سووڕمابوو، بۆچى؟ چونکه تا ئێستا ئاگرێك به و ڕاده‌يه گه‌وره‌و مه‌زنمان نه‌ديتبوو، شاهۆيان له چوارمێخه كێشابوو له ده ورووبه‌رى ئاگر ده‌بارى زوو زوو له دڵى خۆمدا ئه‌مگوت؛ ئه‌ى خودا له‌م ئاگربارانه... هه‌تا... دووكه‌ڵ ئاسمانى خنكاندبوو. بۆنى گۆشتى بر‌ژاو ده‌هات به‌ڵام نه‌ك هى ڕۆژوان بۆ به‌ربانگ به‌ڵكوو هى سووتانى ئه‌و زينده‌وه‌ره خشۆكانه بوو كه نه‌يان ده‌توانى تيژ بن له ڕۆيشتندا يان بێچوو‌ى ئه‌و په‌له‌وه‌رانه‌ى كه دايكيان له به‌ر گيانى خۆى به جێيانى هێشتبوو ئێستا كاتى ئه‌وه هاتوه بڵێين به مامۆستا قانێع ڕوو نه‌كاته مام ئه‌وڕه‌حمانى خواگرتوو چونکه له‌و غه‌ددارتريشمان هه‌يه. خه‌ڵكى هه‌موو گونده‌كانى وه‌ك؛ ژرێژه، كۆڵيژ، كانى حسه‌ين به‌گ، ده‌ل، ده‌ڵه‌مه‌رز، زۆم، ڕوار حه‌په‌سابوون هيچيان له ده‌ست نه‌ده‌هات ئاگاداريش كرابوونه‌وه كه بۆيان نيه سه‌ردانى ئه‌و ئاگره بكه‌ن هه‌روه‌ها كه به ئێمه‌يشان ڕاگه‌ياندبوو، وتبوويان نزيك كه‌وتنه‌وه له شاهۆ به واتاى به‌رپرسياريه‌تیيه له هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه كه به سه‌رتاندا دێت.
گورووپى يه‌كه‌م دواى مشتومڕێكى زۆر نه‌يانهێشتبوو بڕۆنه سه‌ر ئاگره‌كه‌و به شوێن خۆيان‌دا گه‌ڕانه‌وه، ئێمه‌يش 9 كه‌س بووين نه‌مانهێشت بيروڕاى گورووپى يه‌كه‌م و خه‌ڵك و...كاريگه‌ريمان له سه‌ر دابنێت و وره‌مان دانه‌به‌زى، چونکه به ڕاستى كاره‌ساته‌كه هێنده دڵته‌زێن بوو قيزمان له مرۆڤايه‌تى و دڕندايه‌تى و ته‌نانه‌ت خۆيشمان كه مرۆڤ بووين ده‌شێوايه‌وه.
له گوندى ده‌ل خه‌ڵك نوێژى ته‌راوێحيان ده‌خوێند، ڕۆيشتينه ماڵى خودا بو داواى يارمه‌تى به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ هاریکاریمان نه‌کرا به دڵساردى هاتينه ده‌ره‌وه، تا بێگوێييمان ده‌كرا زۆرتر وره‌مان به‌رز ده‌بووه‌وه.
هه‌رجۆرێك بوو خۆمان گه‌يانده نزيك ئاگره‌كه، ده‌بوايه لا ژوورووى ئاگره‌كه‌مان بگرتايه كه دێهاتى ئه‌سپه‌رێز بوو ماشينه‌كه‌مان له پشت زۆم له كار كه‌وت. كاتژمێر10ى شه‌و له‌ژێر دووكه‌ڵ و ئاگر به ناچارى ماشينمان جێهێشت و پاش 2 كاتژمێر گه‌يشتينه ئه‌سپه‌رێز، لاقمان هه‌نگاوى پێ نه‌مابوو به‌ڵام كه له دێهاتى ئه‌سپه‌رێزهاتن به‌ره‌و پيريمان وزه كه‌وته ناو له‌شمان. وچانێكمان دا‌و ئاوێكى سه‌ر ته‌زێنمان خوارده‌وه. دوو كه‌سى ديكه‌مان پێ زياد بوو وره‌یه‌ک زۆرتر! يه‌كێان لالۆ حه‌مه كه‌ريم بوو به جه‌سته پيره پياوێكى له كاركه‌وتوو، به‌ڕۆح لاوێكى تازه پێگه‌يشتوو به ئيراده‌يه‌كى ئێجگار زۆر، لالۆ وه‌ك په‌پوو سڵێمانكه‌ى ناو داستانى سيمۆرغ ( بۆگه‌يشتن به كێوى قاف) بۆ سه‌ر لووتكه‌ى شاهۆ بوو به ڕێنمامان، ئه‌وه‌نده به گوڕ و تين بوو له ڕۆيشتندا، هه‌موومان له پێ كه‌وتين. به ماندوو بوونێكى زۆره‌وه وه‌ك پڵينگێكى زامدار گه‌يشتينه سه‌ر ئاگره‌كه، خۆم به چاوى خۆم ده‌مبينى ئه‌و شێره كوڕانه وه‌ك چۆن شێر په‌لامارى نێچير ده‌دات ئه‌وانيش به هه‌مان شێوه به ناو گه‌رووى ئاگردا ده‌چوونه خواره‌وه.
به‌ڵێ ئازيزان! ئه‌مانه هه‌موويان ڕاوچى ئاگربوون، كام يه‌ك له ئێوه ناوى ڕاوچييه‌كانى ئاگرتان بيستوه؟ سه‌یر له‌وه‌دا بوو ته‌نیا که‌ره‌سته‌ی ئه‌م نێچیرڤانانه په‌لوو پۆی دار‌و ده‌وه‌ن، چنگاڵه، پاچه‌کۆڵه، ته‌و‌رزین، ... بوو.!
لالۆ ده‌يقيڕاند بيگرن هات! نه‌هێڵن ده‌رچێ! هه‌ندێ جار باوه‌شيان بۆ بڵێسه‌ى ئاگر ئاوه‌ڵا ده‌كردو زۆرانيان له‌گه‌ڵدا ده‌گرت تا سه‌ركوتيان ده‌كرد. ڕاوچيانى ئاگر به بۆنه‌ى لالۆ گيان پێكه‌وه گۆرانى ده‌لالۆى ناسريان وه‌ك ئۆركێسترايه‌ك ده‌گوته‌وه كه ته‌نيا مانگه‌شه‌وى بێخه‌وش شاهيديان بوو.
به گوێى خۆم گوێم له قرچه‌قرچى سووتانى پووشوو په‌ڵاش بوو كه ئه‌ياندا به گوێى داروو ده‌وه‌نه‌كاندا و ده‌يانگوت: " ئازيزان ئێمه خۆمان ده‌كه‌ين به فيداى ئێوه دڵ نيگه‌ران مه‌بن ئێمه له وه‌رزی به‌هاردا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ينه‌وه زۆر دوور ناڕۆین ئاسۆ روونه هه‌روه‌ها كه هه‌تاو هه‌موو ڕۆژێ سه‌رهه‌ڵده‌دات، وه‌ک هه‌موو ساڵان له‌و وه‌رزه‌دا له ئامێزتان ده‌گرين و پێكه‌وه سروودى سه‌رهه‌ڵدانه... سه‌رهه‌ڵدانه... ده‌خوێنين.
شه‌ومان تا به‌يان برده سه‌رو كڵپه‌ى ئاگرمان له پشت ئه‌سپه‌رێز نه‌هێشته‌وه، كاتژمێر8ى سه‌ر له به‌يانى هاتينه خواره‌وه بۆ ناوئاوايى بۆ وچانێك و نانوچاييه‌ك، هێشتا ئاخر پارووى نان ته‌واو نه‌بوو هه‌واڵى گڕگرتنه‌وه‌ى هه‌مان جێگايان پێ داينه‌وه ڕيسه‌كه‌مان ببوه‌وه خورى، ئاده‌ى هه‌مديس خۆ به ڕێ بخه‌ین بۆ سه‌رلوتكه.
به وره‌ى به‌رزى ژينگه‌پارێزى خۆمان گه‌يانده سه‌ر ئاگر، دووباره كارى شه‌ومان ته‌واو كرده‌وه به لا لێواره‌ى شاهۆ دوا به دواى ئاگر ڕۆيشتينه‌وه به‌ره‌و ڕوار و زۆم.
هێنده‌مان نه‌مابوو ده‌ست ڕاگرين به سه‌ر ته‌واوى ئاگره‌كه‌دا به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه كردارى سروشت هاوڕێيى نه‌كرد له گه‌ڵماندا، بايه‌كى هاوشێوه‌ى تۆفانى نۆح هه‌ڵيكردو و ئێمه‌و، ئاگر، شاهۆ و سرووشتى شێوانده‌وه. به ده‌نگى به‌رز قيڕاندم خودايا گله‌یی له کێ بکه‌ین؟ هانا بۆ کێ به‌رین؟ هاواره‌که‌م دۆڵ به دۆڵ ده‌نگی ده‌دایه‌وه‌و دیسان ده‌گڕایه‌وه بۆلای خۆمان، که‌س وه‌ڵامده‌ری نه‌بوو.
نان و ئاو و توانا‌مان لێ‌بڕابوو، بڕيار وابوو به‌دواى كانيدا بگه‌ڕێين، دواى كاتژمێرێك كانيیه‌کمان په‌يدا كرد به‌ڵام ئه‌ويش هيچى پێ نه‌مابوو يانێ وشك ببوو. به ناچارى هاتینه خواره‌وه بۆ سه‌رجاده تا بتوانين له ڕێبوارانى ئه‌و ڕێگايه ئاو بستێنين هه‌ر ئه‌وه‌يشه بوه هۆى ڕزگاريمان له توونيه‌تى و برسيه‌تى و هه‌روه‌ها بێ هومێدى. داواى يارمه‌تيمان كرد له ئه‌نجومه‌ن كه نه‌فه‌ر و نان و ئاومان بۆ بنێرن. تا ئێمه وچانێكمان دا له مه‌ريوان و سه‌وڵاوا پڵينگه‌كانى شاهۆ هاتن هه‌موو شتێكيان بۆ هاوردبووين. نان و چاييمان خوارد‌و هه‌ستاينه‌وه سه‌ر پێ بۆ كوژاندنه‌وه‌ى ئاگر. ئه‌ى خودا ئاخر ئه‌مه كه‌ى كاره؟ ئه‌مه كه‌ى ڕ‌ازى په‌روه‌ردگاره؟ ئيتر هه‌نگاو به داوماندا نه‌ده‌هات هيچ هێزو توانايه‌كمان تێدا نه‌مابوو له به‌ر بێ هيوايى يه‌كتر به ڕووى خۆماندا نه‌ده‌هێنا كه زۆر ماندووين و چيدى ناتوانين. له‌قان له‌قان به شوێن يه‌كتردا كه‌وتينه ڕێ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بووين به دوو به‌شه‌وه ديسان گورووپێكمان ڕۆيشته‌وه بۆ ئه‌سپه‌رێز تا له‌وێرا به‌رى پێبگرين تا ده‌گه‌ينه خواره‌وه. ئه‌و گورووپه‌كه‌ى ديكه‌شمان له پشتى زۆم و ڕواره‌وه ده‌ستيان پێكرد. ئێواره تێپه‌ڕی و ديسانه‌وه تاريكايى باڵى خۆى به سه‌رماندا داگرت. به‌و شه‌وگاره خه‌ريك كوژاندنه‌وه‌ى ئاگر بووين تا خۆر زه‌رده‌خه‌نه‌ى به ڕووماندا كرده‌وه له‌و كاته‌دا بوو گه‌يشتينه‌وه به يه‌ك ئيتر زانيمان كه ئاگر كۆتايى پێهاتووه. دواى 35 كاتژمێر توانيمان به سه‌ربه‌رزى ئاگره‌كان بده‌ينه‌وه له‌يه‌ك چيتر ئاگر نه‌مايه‌وه. تاكوو كاتژمێر بوو به 7ى سه‌رله به‌يانى ئاگرمان به شاهۆوه نه‌هێشته‌وه. ئه‌و كاته بوو بۆ يه‌كترمان ده‌ڕوانى و له كانگاى دڵه‌وه پێده‌كه‌نين.
*گوندی جۆڵاندێ: شوێنی جه‌وله‌ی ئه‌سپه‌کانی ئه‌و شۆڕه سوارانه‌ی بناری شاهۆ بوه.
No comments:
Post a Comment